• ئیشایا ٨: ١ - ٢٢
    Feb 2 2025

    ئیشایا ٨: ١ - ٢٢

    • 1یەزدان پێی فەرمووم: «پارچە چەرمێکی گەورە بۆ خۆت ببە و بە پێنووسی قامیش لەسەری بنووسە: ”مەهێر شالال حاش بەز.“»
    • 2هەروەها دوو شایەتی سەرڕاست بۆ خۆم بکەم بە شایەت، ئوریای کاهین و زەکەریای کوڕی یەڤەرەخیا.
    • 3لە پێغەمبەرە ژن نزیک بوومەوە و سکی بوو و کوڕێکی بوو. یەزدانیش پێی فەرمووم: «ناوی بنێ: مەهێر شالال حاش بەز،
    • 4چونکە بەر لەوەی منداڵەکە بزانێت بڵێت ”بابە“ و ”دایە،“ سامانی دیمەشق و دەستکەوتی سامیرە دەهێنرێتە بەردەم پاشای ئاشور.»
    • 5ئینجا یەزدان دووبارە قسەی لەگەڵمدا کردەوە و فەرمووی:
    • 6«لەبەر ئەوەی ئەم گەلە
    • ئاوی هێمنی شیلۆوەحی ڕەتکردەوە،
    • دڵخۆش بوو بە ڕەچین و
    • کوڕەکەی ڕەمەلیاهو،
    • 7لەبەر ئەوە پەروەردگار خەریکە
    • ئاوی ڕووبارە بەهێز و زۆرەکە بەسەریاندا هەڵدەستێنێت،
    • مەبەست لە پاشای ئاشور و هەموو شکۆمەندییەکەیەتی.
    • جا بەسەر هەموو جۆگەکانیدا سەردەکەوێت و
    • بەسەر هەموو کەنارەکانیدا دەڕوات،
    • 8بەناو یەهودا ڕەت دەبێت، هەڵدەچێت و
    • تێدەپەڕێت هەتا دەگاتە گەردن،
    • لێککشانی باڵەکانی پڕ بە پانتایی خاکەکەتە،
    • ئەی ئیمانوێل!»
    • 9ئەی گەلینە، گەلەکۆمە بکەن و بشکێنەوە!
    • ئەی هەموو خاکە دوورەکانی جیهان، گوێ بگرن:
    • خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە!
    • خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە!
    • 10ڕاوێژ بکەن، پووچ دەبێت،
    • قسە بکەن، سەرناگرێت،
    • چونکە خودا لەگەڵمانە.
    • 11یەزدان بەم جۆرەی پێ فەرمووم، کە دەستی گرتم و ئاگاداری کردمەوە بە ڕێگای ئەم گەلەدا نەڕۆم:
    • 12«مەڵێ ”پیلانگێڕییە!“
    • بە هەموو ئەوەی ئەم گەلە پێی دەڵێت پیلانگێڕی،
    • مەترسە لەوەی کە ئەوان لێی دەترسن،
    • مەتۆقە.
    • 13تەنها یەزدانی سوپاسالار بە پیرۆز دابنێ و
    • دەبێ لەو بترسی،
    • لەو بتۆقی.
    • 14ئەو دەبێتە پیرۆزگا،
    • بەڵام بۆ هەردوو بنەماڵەکەی ئیسرائیل
    • دەبێتە بەردێک بۆ کۆسپ،
    • تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە.
    • بۆ دانیشتووانی ئۆرشەلیم
    • دەبێت بە تەڵە و داو.
    • 15زۆر کەس ساتمەی لێ دەکەن و دەکەون،
    • دەکەون و تێکدەشکێن،
    • بە داوەوە دەبن و دەگیرێن.»
    • 16ئەم شایەتییە بۆ ئاگادارکردنەوە بپێچەوە،
    • فێرکردنەکە بە قوتابییەکانم مۆر بکە.
    • 17چاوەڕێی یەزدان دەکەم،
    • ئەو کە ڕووی خۆی لە بنەماڵەی یاقوب شاردووەتەوە،
    • من پشت بەو دەبەستم.
    • 18ئەوەتا خۆم و ئەو منداڵانەی کە یەزدان پێیداوم، لەناو ئیسرائیلدا وەک نیشانە و هێمای یەزدانی سوپاسالارین کە لە کێوی سییۆن نیشتەجێیە.
    • 19کە پێتان دەڵێن: «”پرسیار لە نێوانگرەکان و ڕۆح ئامادەکاران بکەن کە ورتەورت و چپەچپیانە،“ پێیان بڵێ: ”ئەی گەل، لە خوداکەتان بپرسن. ئایا لە پێناو زیندووان پرسیار لە مردووان دەکەن؟“
    • 20بەرەو فێرکردنەکە و بەرەو شایەتییەکە! ئەگەر وەک ئەم قسەیە نەکەن، گزنگی بەیانییان نابێت.
    • 21بە سەختی و برسیێتییەوە پێیدا تێدەپەڕن، کاتێک برسی دەبن و قینیان هەڵدەستێت نەفرەت لە پاشای خۆیان و خودای خۆیان دەکەن و سەر هەڵدەبڕن.
    • 22ئینجا تەماشای زەوی دەکەن، ناخۆشی و تاریکی و ڕەشی دەبینن، فڕێدەدرێنە ناو تەنگانە و سێبەری مەرگ.»

    Show more Show less
    18 mins
  • ئیشایا ٧: ١٠ - ٢٥
    Feb 1 2025

    ئیشایا ٧: ١٠ - ٢٥

    • 10جارێکی دیکە یەزدان بە ئاحازی فەرموو:
    • 11«بۆ خۆت داوای نیشانەیەک لە یەزدانی پەروەردگارت بکە، جا چ لە قووڵترینی قووڵاییەکان بێت یان لە بەرزترینی بەرزاییەکان.»
    • 12ئاحازیش گوتی: «هیچ داوا ناکەم و یەزدان تاقی ناکەمەوە.»
    • 13ئینجا ئیشایا گوتی: «ئێستا ئەی بنەماڵەی داود، گوێ بگرن! خەڵکت بێزار کرد، ئەمە بەس نییە؟ ئێستاش دەتەوێ خوداکەم بێزار بکەیت؟
    • 14لەبەر ئەوە پەروەردگار خۆی نیشانەیەکتان دەداتێ، ئەوەتا پاکیزەیەک سکی دەبێت و کوڕێکی دەبێت، ناوی لێ دەنێت ئیمانوێل.
    • 15دەڵەمە و هەنگوین دەخوات، کاتێک دەزانێت خراپە ڕەت بکاتەوە و چاکە هەڵبژێرێت،
    • 16چونکە پێش ئەوەی کوڕەکە بزانێت خراپە ڕەت بکاتەوە و چاکە هەڵبژێرێت، ئەو خاکەی کە تۆ لە دوو پاشاکەی دەترسیت دەبێتە چۆڵەوانی.
    • 17یەزدان سەردەمێک بەسەر خۆت و گەلەکەت و بنەماڵەکەتدا دەهێنێت، کە لە کاتی جیابوونەوەی ئەفرایمەوە لە یەهودا سەردەمی وا نەهاتبێت. ئەو پاشای ئاشور دەهێنێت.»
    • 18لەو ڕۆژە، یەزدان فیکە بۆ مێشەکان لێدەدات، ئەوانەی لەوپەڕی جۆگە ئاوەکانی میسرن و هەروەها بۆ ئەو هەنگانەی کە لە خاکی ئاشورن.
    • 19جا دێن و هەموو لەناو شیوە هەڵدێرەکان و لەناو کون و کەلەبەری گابەردەکان و لەناو هەموو دڕکوداڵەکان و لەناو هەموو لەوەڕگاکان دەنیشنەوە.
    • 20لەو ڕۆژەدا پەروەردگار بە گوێزانێکی بەکرێگیراو لەوبەری ڕووباری فوراتەوە، کە پاشای ئاشورە، سەر و مووی بەرتان دەتاشێت و ڕیشیش دادەماڵێت.
    • 21لەو ڕۆژەدا، پیاو مانگایەک و دوو بزن بەخێو دەکات،
    • 22جا ئەوەندە شیر دەدەن هەر دەڵەمە دەخوات، چونکە هەموو ئەوانەی لەناو خاکەکە دەمێننەوە دەڵەمە و هەنگوین دەخۆن.
    • 23لەو ڕۆژەدا، هەر شوێنێک کە لێی بوو هەزار ڕەز بە هەزار شاقل زیو، دەبێت بە دڕکوداڵ.
    • 24بە تیر و بە کەوانەوە دێنە ئەوێ، چونکە هەموو زەوییەکە دەبێت بە دڕکوداڵ.
    • 25هەموو ئەو چیایانەی کە بە قازمە کون دەکران کەس نایەتە ئەوێ لە ترسی دڕکوداڵ، بەڵکو گاگەلی تێدا بەڕەڵا دەکرێت و مەڕ پێپەستی دەکات.

    Show more Show less
    17 mins
  • ئیشایا ٧: ١ - ٩
    Jan 31 2025

    ئیشایا ٧: ١ - ٩

    • 1لە سەردەمی پاشایەتی ئاحازی کوڕی یۆتام کوڕی عوزیای پاشای یەهودا، ڕەچینی پاشای ئارام و پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهوی پاشای ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئۆرشەلیم، بەڵام نەیانتوانی دەستی بەسەردا بگرن.
    • 2هەروەها بە بنەماڵەی داود ڕاگەیەنرا و گوترا: «ئارامییەکان لەگەڵ ئەفرایم پەیمانیان بەستووە.» جا دڵی ئەو و دڵی گەلەکەی لەرزین، وەک لەرزینی داری دارستان لە ڕووی بادا.
    • 3یەزدانیش بە ئیشایای فەرموو: «ئێستا بچۆ بۆ پێشوازی ئاحاز، خۆت و شئار یاشوبی کوڕت، لە کۆتایی ئاوباری گۆمەکەی سەرەوە لەلای ڕێگای کێڵگەی جلشۆرەکە و
    • 4پێی بڵێ: ”وریا و هێدی بە، مەترسە و با دڵت ورە بەر نەدات لەبەر گڕی تووڕەیی ڕەچین و ئارام و کوڕەکەی ڕەمەلیاهو، وەک دوو پارچە داری سووتێنراو دووکەڵ دەکەن.
    • 5لەبەر ئەوەی ئارام لەگەڵ ئەفرایم و کوڕەکەی ڕەمەلیاهو پیلانی خراپەیان لە دژی تۆ ناوەتەوە و گوتیان،
    • 6’دەچینە سەر یەهودا و پەلاماری دەدەین، داگیری دەکەین و لەناوەندیدا کوڕەکەی تاڤئێل بە پاشا دادەنێین.‘
    • 7یەزدانی باڵادەستیش ئەمە دەفەرموێت:
    • «”سەرناگرێت و نابێت،
    • 8چونکە سەری ئارام دیمەشقە و
    • سەری دیمەشقیش ڕەچینە،
    • لە ماوەی شەست و پێنج ساڵدا
    • ئەفرایم دەشکێت و وەک گەل نامێنێت.
    • 9سەری ئەفرایمیش سامیرەیە و
    • سەری سامیرەش کوڕەکەی ڕەمەلیاهوە.
    • ئەگەر لە باوەڕدا نەچەسپێن،
    • لە دڵنیاییدا نابن.“»

    Show more Show less
    18 mins
  • ئیشایا ٦: ٣ - ١٣
    Jan 30 2025

    ئیشایا ٦: ٣ - ١٣

    • 3ئەمیان بانگی ئەوەی دیکەی کرد و گوتی:
    • «یەزدانی سوپاسالار پیرۆزە، پیرۆزە، پیرۆزە!
    • شکۆمەندییەکەی هەموو زەویی پڕکردووە.»
    • 4چوارچێوە و سەکۆی دەروازەکان لە دەنگی بانگدەر لەرینەوە و پەرستگاکە پڕبوو لە دووکەڵ.
    • 5گوتم: «قوڕبەسەرم، فەوتام! من کابرایەکی لێو گڵاوم و لەنێو گەلێکی لێو گڵاودا نیشتەجێم و لەگەڵ ئەوەشدا چاوەکانم پاشا، یەزدانی سوپاسالاریان بینی.»
    • 6ئینجا یەکێک لە سەرافیمەکان بۆ لای من فڕی و پشکۆیەکی بەدەستەوە بوو بە مەقاش لەسەر قوربانگاکەوە هەڵیگرت و
    • 7لە دەمی منی سووی و گوتی: «ئەوەتا ئەمە لە لێوت سوا، تاوانت داماڵرا و گوناهت کەفارەتی بۆ کرا.»
    • 8ئینجا گوێم لە دەنگی پەروەردگار بوو، دەیفەرموو: «کێ بنێرم و کێ بۆمان دەڕوات؟»
    • منیش گوتم: «ئەوەتام، من بنێرە.»
    • 9ئەویش فەرمووی: «بڕۆ و بەم گەلە بڵێ:
    • «”هەمیشە ببیستن بەڵام هەرگیز تێناگەن،
    • هەمیشە سەیر بکەن، بەڵام هەرگیز نابینن.“
    • 10دڵی ئەم گەلە ڕەق بکە،
    • گوێی گران بکە و
    • چاوی بنوقێنە،
    • نەوەک بە چاوی ببینێت و
    • بە گوێی ببیستێت،
    • بە دڵی تێبگات و
    • بگەڕێتەوە و چاک ببێتەوە.»
    • 11منیش گوتم: «ئەی پەروەردگار، هەتا کەی؟»
    • ئەویش فەرمووی:
    • «هەتا شارەکان دەبن بە وێرانەی
    • بێ ئاوەدانی و
    • ماڵەکانیش بێ خەڵک و
    • کێڵگەکانیش وێران و چۆڵەوانی،
    • 12هەتا یەزدان هەموو خەڵک دووردەخاتەوە و
    • شوێنی بەجێهێڵراو لەناو خاکەکە زۆر دەبێت.
    • 13ئەگەر دەیەکی تێدا مایەوە،
    • جارێکی دیکە بۆ سووتان دەبێت.
    • بەڵام وەک دارەبەن و دار بەڕوو،
    • کە کاتێک دەبڕێنەوە بنەدارەکەیان هەر دەمێنێت،
    • پاشماوەی ئەو گەلەش وەک بنەدارێکە و زیندوو دەبێتەوە.»

    Show more Show less
    19 mins
  • ئیشایا ٥: ٢٥ - ٦: ٢
    Jan 29 2025

    ئیشایا ٥: ٢٥ - ٦: ٢

    • 25لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان لەسەر گەلەکەی جۆشا،
    • دەستی بۆ درێژکرد و لێیدا.
    • چیاکان هەژان و
    • جەستەکانیان وەک زبڵی سەر شەقامەکانی لێهات.
    • لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە،
    • هێشتا دەستی درێژکردووە.
    • 26ئاڵا بۆ نەتەوە دوورەکان بەرز دەکاتەوە،
    • فیکە بۆ ئەوانە لێدەدات کە لەوپەڕی زەوین.
    • ئەوەتا خێرا بە پەلە دێن!
    • 27نە ماندوو لەنێویاندایە و نە شەکەت،
    • نە دەخەوێت و نە خەواڵو دەبێت،
    • نە پشتێنی ناوقەدی دەکرێتەوە و
    • نە ئاوزەنگی پێڵاوەکانی دەپچڕێت.
    • 28ئەوانەی تیرەکانیان تیژ و
    • کەوانەکانیان توند کراوە،
    • سمی ئەسپەکانیان وەک بەردەئەستێن،
    • چەرخەی گالیسکەکانیان وەک گەردەلوولە.
    • 29نەڕەیان وەک نەڕەی شێرە مێیە و
    • وەک بەچکە شێر دەنەڕێنن،
    • دەمڕێنن و نێچیر دەگرن،
    • دەیبەن و کەس ڕزگاریان ناکات.
    • 30لەو ڕۆژە بەسەریدا دەنەڕێنن،
    • وەک هاژەی دەریا.
    • دەڕواننە خاکەکە و دەبینن
    • وا تاریکییەکی تەنگە،
    • ڕووناکیش بە هەورەکانی تاریک بووە.

    ئیشایا ٦

    • 1لە ساڵی مردنی عوزیای پاشادا، پەروەردگارم بینی لەسەر تەختێکی بەرز و بڵند دانیشتبوو، دامێنیشی پەرستگاکەی پڕکردبوو.
    • 2سەرافیمەکان لەبەردەستی بوون، هەریەکە شەش باڵیان هەبوو، بە دووانیان ڕووی خۆی داپۆشی بوو، بە دووانی دیکەیان پێیەکانی داپۆشی بوو، بە دووانیش دەفڕی.


    Show more Show less
    20 mins
  • ئیشایا ٥: ٩ - ٢٤
    Jan 28 2025

    ئیشایا ٥: ٩ - ٢٤

    • 9بە ڕاستی گوێم لێ بوو کە یەزدانی سوپاسالار فەرمووی:
    • «بێگومان کۆشکی مەزن دەبێتە کەلاوە،
    • خانووی گەورە و خۆشیش چوڵەوانی.
    • 10جێی دە دۆنم ڕەزەمێو، یەک بەت شەراب بەرهەم دەهێنێت و
    • حۆمەرێک تۆویش ئێفەیەک بەرهەم دەهێنێت.»
    • 11قوڕبەسەر ئەوانەی بەیانییان زوو هەڵدەستن
    • بەدوای شەراب دەکەون،
    • لە زەردەپەڕی ئێواران دوا دەکەون
    • مەی گڕی تێبەرداون.
    • 12قیسارە و ساز، دەف و شمشاڵ و
    • شەراب بووە بە خەو و خۆراکیان،
    • بەڵام ئاوڕ لە کاری یەزدان نادەنەوە،
    • دەستکردەکانی نابینن.
    • 13لەبەر ئەوە گەلەکەم لەبەر نەزانی ڕاپێچ دەکرێن،
    • سەنگینەکانی لە برسان دەمرن،
    • سادە و ساکارەکانی لە تینووان وشک دەبن.
    • 14لەبەر ئەوە جیهانی مردووان خۆی پانوپۆڕ کرد و
    • بێ ئەندازە دەمی خۆی کردەوە،
    • تاکو بەگزادە و ڕەشۆکی و شەڕانگێزان،
    • لەگەڵ هەموو ئەوانەش کە شانازی بە ئۆرشەلیم دەکەن، شۆڕ ببنەوە ناوی.
    • 15مرۆڤ دەچەمێتەوە و
    • پیاو نزم دەبێت،
    • چاوی بەفیزان نزم دەبێت،
    • 16بەڵام یەزدانی سوپاسالار بە دادوەری بە گەورە دەزانرێت،
    • خودای پیرۆز بە ڕاستودروستییەکەی دەردەکەوێت کە پیرۆزە.
    • 17مەڕەکان دەلەوەڕێن وەک لە لەوەڕگای خۆیان،
    • بەرخەکانیش لە کەلاوەی دەوڵەمەندەکان دەلەوەڕێن.
    • 18قوڕبەسەر ئەوانەی بە گوریسی فێڵ تاوان کێش دەکەن،
    • گوناهیش وەک گوریسی عەرەبانە،
    • 19ئەوانەی دەڵێن: «با خودا پەلە بکات،
    • با خێرا بێت لە کارەکەی
    • بۆ ئەوەی ببینین.
    • با نزیک بێتەوە و بێتە دی،
    • هەتا بزانین پلانی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل.»
    • 20قوڕبەسەر ئەوانەی بە خراپ دەڵێن چاک و
    • بە چاکیش دەڵێن خراپ،
    • ئەوانەی تاریکی دەکەن بە ڕووناکی و
    • ڕووناکیش دەکەن بە تاریکی،
    • ئەوانەی تاڵ دەکەن بە شیرین و
    • شیرین دەکەن بە تاڵ.
    • 21قوڕبەسەر ئەوانەی لەبەرچاوی خۆیان دانان،
    • لەلای خۆیان تێگەیشتوون.
    • 22قوڕبەسەر ئەوانەی لە شەراب خواردنەوە پاڵەوانن،
    • پیاوی ئازان بۆ تێکەڵکردنی مەی،
    • 23بۆ بەرتیل خراپەکار بێتاوان دەکەن،
    • ڕاستودروستانیش لە مافی خۆیان بێبەش دەکەن.
    • 24لەبەر ئەوە وەک کا بە زمانی ئاگر قووت بدرێت،
    • وەک گژوگیای گڕگرتوو داکەوێت،
    • ڕەگیان وەک کەڕووی لێدێت،
    • خونچەیان وەک تۆز بەرز دەبێتەوە،
    • چونکە فێرکردنی یەزدانی سوپاسالاریان ڕەتکردەوە،
    • سووکایەتییان بە وشەی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل کرد.

    Show more Show less
    21 mins
  • ئیشایا ٤: ١ - ٥: ٨
    Jan 27 2025

    ئیشایا ٤: ١ - ٥: ٨

    • 1لەو ڕۆژەدا حەوت ژن یەک پیاو دەگرن و
    • دەڵێن: «نانی خۆمان دەخۆین و
    • بەرگی خۆمان لەبەر دەکەین،
    • تەنها ڕێگا بدە با بە ناوی تۆوە بانگ بکرێین.
    • ڕیسواییەکەمان ڕاماڵە!»
    • 2لەو ڕۆژەدا لقی یەزدان دەبێتە جوانی و شکۆ، بەروبوومی زەویش دەبێتە شانازی و قەشەنگی بۆ دەربازبووانی ئیسرائیل.
    • 3جا ئەوەی لە سییۆن ماوەتەوە و ئەوەی لە ئۆرشەلیم بەجێماوە، پێی دەگوترێت، پیرۆز، هەموو ئەوانەی کە خودا بۆ مانەوە لە ژیان لە ئۆرشەلیم هەڵیبژاردوون.
    • 4پەروەردگار پیسیی کچانی سییۆن دەشوات؛ بە ڕۆحی حوکمدان و سووتان خوێنەکانی نێو ئۆرشەلیم پاک دەکاتەوە.
    • 5ئینجا یەزدان لەسەر هەموو شوێنێکی کێوی سییۆن و لەسەر ئەوانەی لەوێ کۆدەبوونەوە، بە ڕۆژ هەور و بە شەو دووکەڵ و پڕشنگی ئاگری بڵێسەدار بەدی دەهێنێت، لەسەر هەموو شکۆیەک کەپر دەبێت.
    • 6بە ڕۆژ لەبەر گەرما دەبێت بە چادر بۆ سێبەر و لە لافاو و بارانیش دەبێت بە داڵدە و پەناگا.

    ئیشایا ٥

    • 1با گۆرانی بڵێم بۆ خۆشەویستەکەم،
    • گۆرانی خۆشەویستەکەم بۆ ڕەزەمێوەکەی:
    • خۆشەویستەکەم ڕەزەمێوێکی هەبوو
    • لەسەر گردێکی بەپیت.
    • 2بنکۆڵی کرد و بەردی لێ بژار کرد،
    • شامێویشی لێ چاند.
    • قوللەیەکی چاودێری لە ناوەڕاست بنیاد نا،
    • هەروەها گوشەرێکی تێدا هەڵکۆڵی.
    • بە هیوا بوو ترێی باش بگرێت،
    • بەڵام ترێی خراپی گرت.
    • 3«ئێستا ئەی دانیشتووانی ئۆرشەلیم و ئەی پیاوانی یەهودا،
    • تکایە لەنێوان من و ڕەزەمێوەکەم دادوەری بکەن.
    • 4چی دی هەیە بۆ ڕەزەمێوەکەم بکرێت کە
    • من نەمکردبێت؟
    • کاتێک من هیوادار بووم ترێی باش بگرێت،
    • بۆچی ترێی خراپی گرت؟
    • 5ئێستا پێتان دەڵێم
    • چی لە ڕەزەمێوەکەم دەکەم:
    • پەرژینەکەی لێ دەکەمەوە و
    • وێران دەبێت،
    • دیوارەکەی دەڕووخێنم،
    • دەبێتە پێپەست.
    • 6دەیکەمە کەلاوە،
    • نە پەرچ دەکرێت و نە ژێری هەڵدەدرێتەوە،
    • دڕکوداڵ سەرهەڵدەدات.
    • فەرمان بە هەورەکان دەکەم
    • باران بەسەریدا نەبارێنن.»
    • 7ڕەزەمێوی یەزدانی سوپاسالار
    • بنەماڵەی ئیسرائیلە و
    • پیاوانی یەهوداش
    • نەمامی شادی ئەون.
    • بە هیوای دادوەری بوو، بەڵام ئەوەتا خوێنڕژانە؛
    • بە هیوای ڕاستودروستی بوو، بەڵام ئەوەتا داد و بێدادە.
    • 8قوڕبەسەر ئەوانەی خانوو بە خانووەوە دەلکێنن و
    • کێڵگە لە کێڵگە نزیک دەکەنەوە
    • هەتا هیچ جێیەک نەما و
    • بە تەنها خۆتان لە خاکەکە نیشتەجێ بوون.


    Show more Show less
    21 mins
  • ئیشایا ٣: ١ - ٢٦
    Jan 26 2025

    ئیشایا ٣: ١ - ٢٦

    • 1ئێستا سەیر بکەن، پەروەردگار،
    • یەزدانی سوپاسالار،
    • بەتەمایە لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا دابماڵێت
    • پاڵپشتی و پشتگیری،
    • هەموو پاڵپشتییەکی نان و ئاو،
    • 2پاڵەوان و جەنگاوەر،
    • دادوەر و پێغەمبەر،
    • فاڵگرەوە و پیر،
    • 3سەرۆکی پەنجاکان و پیاوماقوڵان،
    • ڕاوێژکار و پیشەوەری دانا و نوشتەکەری تێگەیشتوو.
    • 4مێردمنداڵان دەکەم بە میریان،
    • منداڵان فەرمانڕواییان دەکەن.
    • 5گەل لەنێو خۆیان ستەم لە یەکتری دەکەن،
    • هەرکەسە و لە هاوڕێکەی.
    • مێردمنداڵ لە پیر ڕاست دەبێتەوە،
    • چروکیش لە سەنگین.
    • 6پیاو یەخەی برای خۆی دەگرێت
    • لە ماڵی باوکی و دەڵێت:
    • «تۆ کەوات هەیە، ببە بە سەرۆکمان و
    • ئەم کاولگەیەش لەژێر دەستتە!»
    • 7بەڵام لەو ڕۆژەدا براکەی دەنگی بەرز دەکاتەوە و وەڵامی دەداتەوە:
    • «نابم بە چارەساز،
    • نان و جلوبەرگ لە ماڵەکەم نییە.
    • مەمکەن بە سەرۆکی گەل.»
    • 8ئۆرشەلیم شکست دەخوات و
    • یەهوداش دەکەوێت،
    • چونکە زمان و کردەوەکانیان لە دژی یەزدانە،
    • بۆ یاخیبوون لەبەرچاوی شکۆمەندییەکەی.
    • 9دیمەنی ڕوخساریان شایەتییان لەسەر دەدات،
    • وەک سەدۆم گوناهەکەیان ڕادەگەیەنن،
    • نایشارنەوە.
    • قوڕبەسەریان،
    • چونکە خراپە دەهێننە سەر خۆیان!
    • 10بڵێن، ڕاستودروستان خۆشحاڵن
    • چونکە بەری کردەوەکانی خۆیان دەخۆن.
    • 11قوڕبەسەر بەدکار! خراپەی بۆ دەبێت،
    • چونکە پاداشتی کردەوەکانی دەستی خۆی وەردەگرێت.
    • 12منداڵان ستەم لە گەلی من دەکەن و
    • ژنان فەرمانڕەوایەتی دەکەن.
    • گەلی من، ڕاستەڕێکارانت چەواشەکارن و
    • لە ڕێگای ڕاست لاتان دەدەن.
    • 13یەزدان لە شوێنی دادوەر دانیشت،
    • هەستا بۆ حوکمدان بەسەر گەلان.
    • 14یەزدان دەست بە دادوەری دەکات،
    • لەگەڵ پیرانی گەلەکەی و میرەکانیان:
    • «ئێوە بوون ڕەزەمێوەکەتان لووشدا،
    • تاڵانیی هەژاران لە ماڵەکانتاندایە.
    • 15ئەوە چیتانە، گەلەکەم وردوخاش دەکەن و
    • ڕووی هەژاران دەهاڕن؟»
    • ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار.
    • 16یەزدان دەفەرموێت:
    • «کچانی سییۆن لەخۆبایی بوون،
    • گەردنیان دەرخستووە و
    • بە چاوبازییەوە دەڕۆن،
    • بە لارولەنجەوە دەڕۆن
    • بە زرنگەی لەرزانەی گۆزینگیان.
    • 17لەبەر ئەوە پەروەردگار سەری کچانی سییۆن کەچەڵ دەکات،
    • یەزدان ڕووتییان دەردەخات.»
    • 18لەو ڕۆژەدا پەروەردگار جوانکاری دادەماڵێت: لەرزانە و لاسەرە و ملوانکە،
    • 19گوارە و بازن و پەچە،
    • 20سەرپێچ و قۆڵبەست و پشتێن و تەلیسم و چەناخە،
    • 21ئەنگوستیلە و خەزێم،
    • 22جلوبەرگی جەژن و پاڵتۆ و چارۆکە و جزدان و
    • 23ئاوێنە، کراسی کەتان و سەرپۆش و کۆڵوانەکان.
    • 24جا لە جێی بۆنوبەرام، بۆگەن و
    • لە جێی کەمەربەند، گوریس و
    • لە جێی پرچی بە ئەگریجە، سەری ڕووتاوە و
    • لە جێی بەرگی گرانبەها گوش لەبەر دەکەن،
    • نیشانەی داغیش لە جێی جوانی دەبێت.
    • 25پیاوەکانتان بە شمشێر و
    • پاڵەوانەکانتان لە جەنگدا دەکەون.
    • 26جا دەروازەکانی سییۆن شین دەگێڕن و دەگریێن،
    • بێکەس لەسەر زەوی دادەنیشن.

    Show more Show less
    21 mins